هەنگاو: پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد لەژێر ئەشکەنجی ئیتلاعاتی ئێران لەلایەن ”هەنگاو”ەوە، گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر بنەماڵەکەی زیادی کردووە و داوای ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵەیان لێ دەکات.

 

ئەمیر هاشمی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەنگاو وتی: ئامادە نین ئەو هەواڵە بە درۆ بخەنەوە و هەر نووسراوەیە کەبەناوی منەوە بڵاو بکرێتەوە بە توندی بەدرۆی دەخەمەوە.

 

”دیاکۆ هاشمی” تەمەن ٢٤ ساڵ کە ساڵی ٢٠١١ چووبووە وڵاتی فینلاند و ئیقامەی ئەو وڵاتەی وەگرتبوو، نزیک دوو مانگ پێش و لە ڕووی ناچارییەوە بەهۆی نەخۆش‌بوونی باوکییەوە گەڕایەوە ئێران، بەڵام لەلایەن ئیتلاعاتی کەرەجەوە دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ لەشی بێ‌گیانی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

 

پێشتر ماڵپەڕی هەنگاو ڕاگەیاندبوو کە پاش دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی دیاکۆ، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی جۆزەردان، ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج، ئەمیر باوکی دیاکۆی بانگهێشت و پێیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان مردووە و هەر ئەمڕۆ دەبێ بنێژرێت.

 

ئەمیر هاشمی خەڵکی گوندی ”پشت تەنگ”ی ڕوانسەرە و ماوەی ١٥ ساڵە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کەرەجدا دەژی.

 

هەنووکە پاش دوو حەفتە ئیدارەی ئیتلاعات ندەقێکی لە چوارچێوەی نامەیەکدا ڕادەستی ئەمیر هاشمی کردووە و داوایان لێ کردووە کە بەناوی خۆیەوە بڵاو بلاتەوە.

 

لە بەشێک لەو نامەدا هاتووە: ”پاش مەرگی کوڕەکەم، ماڵپەڕە بیانییەکان دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی هەواڵگەلێک کە گوایە مەرگی ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەی ئۆرگانە دەوڵەتییەکانەوە بووە، چاوەڕوانیی من ئەوەیە  کە هەر کەس و گرووپێک دەست دەداتە بڵاو کردنەوەی درۆ و دەلەسە، بەڵگەمەند ئەو کارە بکات، یان خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە درۆیەک ببوێرن”.

 

لە بەشی کۆتایی نامەکەدا وەزارەتی ئیتلاعات داوای لە ئەمیر هاشمی کردووە هەتا ئەو نامەیە بڵاو بکاتەوە و دواتریش لە ڕاگەیەنەکانی ئێرانیش بڵاوی بکاتەوە، هاتووە: ”من و بنەماڵەکەم لە تێکڕای هەڵبژاردنەکانی ٤٠ ساڵی ڕابردوو لەمەڕ بەردەوامیی نیزامی ئیسلامی بەشداریمان کردووە.”

 

ئەمیر هاشمی لە کۆتاییدا وتیشی، ماوەی یەک حەفتەیە کە ئیدارەی ئیتلاعات گوشارەکانی بۆسەر من زیاد کردووە و دەیهەوێ ئەو نامەیە بڵاو بکەمەوە، بەڵام هەر لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە من ئەو نامەیە بڵاو ناکەمەوە و لە هەر شوێنێکیش بڵاو بکرێتەوە من بەرپرسیاری ئەو نامەیە نابم.

 

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگەی بە خاکسپاردنی تەرمی دیاکۆیان لە کرماشان نەدا و بنەماڵەکەیان بەناچار لە بێ‌دەنگیدا لە کەرەج ئەسپەردیان کرد.

 

هەواڵنێری هەنگاو لەم بارەوە ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات بەڵێننامەی نووسراوەی لە ئەمیر هاشمی لەمەڕ بە میدیایی نەکردنی ئەو هەواڵە وەرگرتووە.

 

تەرمی دیاکۆ هاشمی لە گۆڕستانی ”بەهەشتی سەکینە”ی گەورەڕێی کەرەج ــ قەزوین، بەشی ٣٢، ڕیزی ٣٧ ئەسپەردەی خاک کراوە.

 

 

:Contact us

Tel : 009647511019899

Gmail : hengaw.maf@gmail.com

Telegram : https://t.me/hengaw_news

Facebook : https://www.facebook.com/Hengaw.new

Twitter : https://twitter.com/HengawO

سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌یش بكه‌

لینکی ماڵپەڕی نوێی “هەنگاو”

بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکانی تایبەت بە پێشیلکاری مافی مرۆڤ