photo_2017-05-28_17-36-52

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ڕوانسەر و دانیشتووی کەرەج لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕوانسەر بەناسنامەی (دیاکۆ هاشمی)، دوای گەرانەوە لە ئەورووپا و دەستبەسەر کران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەجەوە، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە ئەمنییەدا گیانی لە دەست داوە.

دیاکۆ هاشمی تەمەن ٢٤ ساڵ بووە و ساڵی ٢٠١١ چووەتە فینلاند و ئیقامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی دیاکۆ، ناوبراو دوو مانگ بەرلەئێستا لەبەر نەخۆشی باوکی ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەڵام لەلایەن مۆرەیەکی ڕێژیمەوە کە ناسنامەکەی لای (هەنگاو) پارێزراوە ڕاپۆرت دراوە و دواتر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەجەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی جۆزەردان، ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج (ئەمیر) باوکی دیاکۆیان بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەت مردووە و دەبێ هەر ئەمڕۆ بینێژیت.

ئەمیر هاشمی خەڵکی گوندی پشت تەنگی ڕوانسەرە و ماوەی ١٥ ساڵە کە لەگەڵ خێزانەکەی لە کەرەج نیشتەجێ بوون.

هەروەها، هێزەکانی ئیداەی ئیتلاعات ئیزنیان نەداوە کە تەرمی دیاکۆ بگەرێندێتەوە بۆ کرماشان و خێزانەکەشی ناچار بوون هەر ئەو ڕۆژە لە نێو بێ دەنگیدا لە شاری کەرەج بینێژن.

 

هەواڵنێری (هەنگاو) لەوبارەوە ڕایگەیاند لە ئیدارەی ئیتلاعات بە نووسراوە بەڵێنی لە ئەمیر هاشمی وەرگرتووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەی لە هیچ میدیایەک بڵاو بێتەوە.

Contactus

Tel : 009647511019899

Gmail : hengaw.maf@gmail.com

Telegram : https://t.me/hengaw_news

Facebook : https://www.facebook.com/Hengaw.news/

Twitter : https://twitter.com/HengawO

سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌یش بكه‌

لینکی ماڵپەڕی نوێی “هەنگاو”

بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکانی تایبەت بە پێشیلکاری مافی مرۆڤ