photo_2017-03-03_21-51-25

هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ٣ کۆڵبەری کورد گیانیان لێ ئەستێندراوە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی )هەنگاو) و بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئەم ماڵپەڕە، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران و ڕنووی بەفر لە ماوەی مانگی دووهەمی زایینی (مانگی ڕابردوو) گیانلەدەستدان و برینداربوونی ١٢ کۆڵبەری کورد و ٢ هاووڵاتیی مەدەنی لێ کەوتووەتەوە.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێران لەو ماوەیەدا کوژرانی٣ کۆڵبەری کورد و برینداربوونی ٨ کۆڵبەری دیکەی لێ کەوتووەتەوە و هاوکات دوو هاووڵاتیی مەدەنیش بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراو و بریندار کراون.

هەر لەو ماوەیەشدا، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی ڕنووی بەفرەوە گیانی لەدەست داوە.

ئامارەکان پیشان دەدەن کە لە کۆڵبەرانی قوربانی لەو مانگەدا یەکێک لە برینداران خەڵکی پارێزگای کرماشانە و ئەوانی دیکە سەر بە پارێزگای ئورمیەن.

هەروەها ئەو کۆڵبەرانەش کە گیانیان لە دەست داوە هەموویان خەڵکی پارێزگای ئورمیە واتە شارەکانی سەڵماس، ئورمیە و سەردەشت بوون.

 

ناسنامەی تەواوی ئەو کۆڵبەرانە لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) تۆمار کراوە.

سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌یش بكه‌

لینکی ماڵپەڕی نوێی “هەنگاو”

بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکانی تایبەت بە پێشیلکاری مافی مرۆڤ