skjermbilde-2016-10-12-12-32-48

هەنگاو: رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناحکوومیی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە رێکخراویکی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە، لەسەر بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی ژنێکی کورد هاتە دەنگ.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆیی هەنگاو، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک له‌مه‌ڕ ئەگەری لەسێدارەدانی زەینەب سکانوەند، زیندایی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە هاتووەتە دەنگ و داوای راگرتنی ئەو سزایە دەکات.

لە بەشیکی ئەو بەیاننامەیەدا کە رێکەوتی ١٦ی رەزبەر بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە” زەینەب سکانوەند بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی لەکاتێکدا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.”

ئەو ژنە کوردە بۆ ماوەی ٥ ساڵە لە زیندانی ئورمیە راگیراوە و ئێستا تەمەنی ٢٢ ساڵە و ماوەیەک پێش لەگەڵ یەکێک لە زیندانییەکانی ئەو زیندانە ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو، کە دوو حەوتوو بەر لەئێستا منداڵه‌كه‌ی لەبار چوو.

بەپێی بەیاننامەکە، سزای لەسێدارەدانی زەینەب بەهۆی دووگیان بوونیەوە راگیرابوو و لەئێستادا کە منداڵەکەی لەبار چووە، ئەگەری زۆرە لەسێدارە بدرێت.

بە وتەی رێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی، زەینەب سکانوەند لە تەمەنی ١٥ ساڵان ژیانی هاوبەشی لەگەڵ هاوسەری پیشووی پێکهێناوە و لەو ماوەیەدا بەردەوام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەزیەت و ئازار دراوە و حازریش نەبووە تەڵاقی بدات.

زەینەب سکانوەند کچی محەممەد و لەدایکبووی ١ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاووییە و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی بەخشی “شووت”ی سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئورمیەیە.

ناوبراو لە رێکەوتی ١١ی رەشه‌مەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی دەستبەسەر و پاش ٢٠ رۆژ راگیران لە کەڵانتەریی ئورمیە و لەژیر ئەشکەنجە و ئازار، دانی بەتاوانەکەدا ناوە.

بەپێی یاساکانی رێژیمی ئێران، تەمەنی سزای تاوانەکان بۆ کوڕان ١٥ ساڵ و بۆ کچانیش ٩ ساڵ دیاری کراوە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان وەکوو مافەکانی منداڵان، تەمەنی سزای تاوانەکان بۆ هەر دوو رەگەز ١٨ ساڵ دیاری کراوە.

سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌یش بكه‌

لینکی ماڵپەڕی نوێی “هەنگاو”

بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکانی تایبەت بە پێشیلکاری مافی مرۆڤ